پێشەکی نووسەر

نووسینی ئەم کتێبە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ کتێبێکی کوردی پوخت و ئاسان نەبوو پیتەکان و یاساکانی تەجویدی بە ئاسانی و پوختی شیکردبێتەوە، ئێمەش وەک مەنھەج دیاری بکەین و بێخەم بە قوتابیانی بڵێینەوە.. ئەو کتێبە کوردیانەی کە لە کتێبخانەکان بەر دەستبوون، یان کێشەی وەرگێڕانیان ھەبوون، یان بە شێوەیەکی ئاڵۆز نووسرابوونەوە.. بۆیە ئەو ئەرکەم خستە سەرشانی خۆم، دوای ماندووبوون و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، ئەم زنجیرەیە ھاتە ئاراوە کە پێکھاتوون لە:-
(ڕێبەری ئاسان) بنچینەکانی عەرەبی تێدا شیکراوەتەوە، تایبەتە بەو کەسانەی لە سەرەتاوە دەستپێدەکەن، پێویستە ھەموو کەسێک کە بە نیازە دەست بە خوێندنی قورئانی پیرۆز بکات، سەرەتا ئەم نامیلکەیە بخوێنێت، ئەم نامیلکەیە بەشێوەیەکی زۆر ئاسان نووسراوە، ئاسانترین ڕێبەرە لەم بوارەدا نووسرابێت، لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆر و خاوەن مۆڵەتیش پێداچوونەوەی بۆ کراوە.
(پوختەی ڕەوان) ئاستی یەکەمە لە تەجوید، زۆر بە ئاسانی یاسا گرنگەکانی تەجویدی تێدا شیکراوەتەوە، بابەتە گرنگەکانیش بە دەنگ و ڤیدیۆ شیکراونتەوە، تا قوتابی لە ڕێگای بەکارھێنانی بارکۆد بتوانێت بەجوانی لە بابەتەکان حاڵی بێت، لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆر و خاوەن مۆڵەتیش پێداچوونەوەی بۆ کراوە.. ئەم کتێبەیان لەدوای تەواوکردنی (ڕێبەری ئاسان) دەخوێندرێت.
(تەجویدی فێرکاری) ئاستی کۆتاییە لە تەجوید، ھەموو یاساکانی تەجویدی بە ئاسانی و پوختی تێدا شیکراوەتەوە، بابەتە گرنگەکانیشی بە دەنگ و ڤیدیۆ شیکراونتەوە، تا قوتابی لە ڕێگای بەکارھێنانی بارکۆد بتوانێت بە جوانی لە بابەتەکان حاڵی بێت، لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆر و خاوەن مۆڵەتیش پێداچوونەوەی بۆ کراوە.. ئەم کتێبەش دوای تەواو کردنی (پوختەی ڕەوان) دەخوێندرێت، ئەمەیان بە دوو [بەش] ساڵ دەتوانرێت تەواو بکرێت.
بۆچی ئەم زنجیرەیە گرنگە؟! پوخترین و ئاسانترین زنجیرەیە بۆ فێربوونی پیتەکان و یاساکانی جوان خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز.
لەم زنجیرەیە؛ قوتابی بە ئاسانترین شێوە لە بابەتەکان حاڵی دەبێت، چونکە بۆ تێگەیشتنی قوتابی ئاسانترین ڕێگا پەیڕەو کراوە، گرنگترین کەرستەی سەردەم بەکار ھاتووە، وەک: داڕەشتنی ئاسان، دیزاین و دانانی وێنەی گونجاو بۆ بابەتەکان، ڕوونکردنەوەی ھەندێ بابەت بەدەنگ و ڤیدیۆ.
ئەم زنجیرەیە مەنھەجێکی پوخت و ئاسانە بۆ:
- بنکە و ڕێکخراوەکانی فێرکردنی قورئان.
- مامۆستایانی بازنەکــانی قورئانی پیرۆز.
- حوجـــرە و قوتابخــــــــــانە ئاینییەکان.
- باوکان و دایکان لە ماڵـــــــــــــــــــــەوە.