كاتب(ة) : عبدالسلام ملا ياسين
ماناى (مقص ) چییه؟
بەڕێزان : سەلام۰۰۰۰
هاوڕێیەك لەبارەی (مقص )ەوە پرسیاری کردبوو ، ئایا لە کوردیدا چ ووشەیەکمان هەیە بۆ ئەو ئاڵەتە ؟
★ لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا ، هاوڕێـیەك گوتبووی گوایا ووشەی (مقەس ) رووسییە !!منیش دەلێم :
ووشەی مقەس روسی نییە ، بەڵکو عەرەبییە و لە قص : بـڕی .یقص : دەبڕێ .مقص: ناوی ئاڵەتی بڕینە - بـڕەر - قصاصة : کەرتە (کاغزێ) ، پاڕچەیەکی بـڕدراو .
ئەو هاوڕێیانە چەند ووشەیەکیان خستۆتە روو ، منیش هەندێکم لە پیران بیستووە و لێرەدا هەڵیان دەرێـژم :
١- دوێردگ .٢- چێـرگ .٣-قەیچی ، قەیچگ .
ئەمانە هەموو ناوی مقەسن لە کوردیدا و بۆ بـڕینەوەی خوریی مەڕ بەکار دێن .
★ لە رووی ئیتیمۆڵۆجییەوە بەڵگەم دەست کەوتووە ، کە ( #چێرگ ) کوردییەکی رەسەنە و شایەدی لە زمانی کوردیی و زمانەکانی تری هیندۆ ئەوروپاییشدا هەیە ، بەڵام بۆ (دوێردگ ، یا دوردگ) هێشتا بەدوایەوەم و جارێ شایەدی عەدلم دەست نەکەوتووە تا بتوانم رایەکی زانستیی لەبارەوە - بۆ خۆم - بدەم .
★★ هەرچی ( قەیچی ، قەیچگ ، یا قاچی ) یە ئەوەش هەر کوردییە و #تورکمانی نییە .
ئەوە لە ووشەی تری کوردیدا ئەسڵ و پاڵپشتی هەیە ، وەکو (هەڵقاچین ) کە بە بڕینێکی ناڕێکی پرچ دەگوترێ .
لە ئەسڵدا ( قاچین ) ، بە واتای بـڕینە و شێوەیەکی تری هەبووە ، دواتر لەسەر زار شێواوە .
بۆیە بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە دەلێن ؛ لە کوردیدا بۆ (مقص ) چ ووشەیەکمان نییە !
دەلێم :ببورن وا پێنج شەشێکمان هەیە و ، بەلای کەمەوە سیان چوارێکیان ، یا زیاتریان ، کوردیی رەسەنن .
سەر و زمانتان سەلامەت .