بيتُ القراء و المدونين
  •  منذ 4 شهر
  •  0
  •  0

كاتب(ة) : لوقمان مصطفی صالح

ڕەھەندە یاساییەکانی پەیماننامەی سیڤەر

ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/ ئابی/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركراوە. لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە وە كوردستانی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی سەر بە ئێران .

ھەڵبەتە ھەلێکی زێڕین بوو بۆ كورد بەپێی ئەو پەیماننامەیە كورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ و دەیتوانی دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، لەچەند بەندێكیدا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لەو مافەی كورد كراوە. هەندێك لە مێژونووسانیش ئەو پەیماننامەیە بە ‌یەكەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنێن كە بەشێوەیەكی روون و ئشکرا ئاماژەی بە کێشەی كورد كردووە، ھەر بۆیە رەهەندێكی یاسایی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە و رێگەی پێداوە لە باكوور و باشووری كوردستاندا كورد دەوڵەتی سەربەخۆ پێكبهێنێت.

هەرچەندە ‌پەیماننامەی (سیڤەر) تایبەت بووە بەدابەشكرددنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەڵام لە سێ ‌بەندی (62، 63، 64) بەڕوونی ئاماژەی بەداخوازی و مافەكانی گەلی كوردستان كردووە. ئەمە سەرەڕای ئەو كەموكورتییانەی لەپەیماننامەكەدا هەبووە، لەوانە فەرامۆشكردنی خۆرهەڵاتی كوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، واتا ئەو پەیمانە دابەشكردنی كۆلۆنیالانەی كوردستانی بەرجەستە كردووەو تەنها باسی ئەو بەشەی كوردستانی كردبوو كە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە،

پرسی سەربەخوی كوردستان بە ھوی پێگەی یاسایی و پاڵپشتی نێودەوڵەتیەوە چانسی گەورەی ھەبوە کەلەو پەیماننامەیەدا ھاتووە مافی راگەیاندنی دەوڵەتی کورداستانی لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەبووە. ئەم پەیماننامەیە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو،لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو،وە بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات،هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ .

بۆ بەر چاو ڕوونی زیاتر گرنگە بزانیین مادە یاساییەکانی ناو پەیماننامەکە چیە .!؟ تاشی بکەینەوە:-

بەندی (62) ە و تێیدا هاتووە:

(لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئەستەمبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت و، هەر ئەندامێک لە سێ دەوڵەتی: بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا دایدەهێنن، لەگەڵ مێژووی بەجێهێنانی ئەم ئۆتۆنۆمییەدا، بە شەش مانگ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی رەگەزی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و، باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا وە، وەک لە دوایشدا دەست نیشان دەکرێت. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سوریا و، ئێڕاق، بەو پێیە دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەمین و سێیەمین بڕگەی دووی بەندی 27دا هاتووە. بەڵام لە کاتی رێک نەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە: -کۆمیسیۆنەکە- دەنگ لە حکومەتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، پێویستیشە ئەم پرۆژەیە زامنی تەواوی بۆ پاراستنی کلدان و ئاشووری و، کەمایەتی رەگەز و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانەی تێدا بێت، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی راست کردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیا بکرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری باسکرا و، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت).

بەندی 63:

(حکومەتی عوسمانی، لەمڕۆوە پەیمان دەدات لە ماوەی 3 مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنەی کۆمیسیۆن، کە لە بەندی 67دا باسکراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات).

بەندی 64:

(ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەست نیشان کراوانە، کە لە بەندی 62دا هاتوون، داوایەکی پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی نێو ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پێسپێری ئەمە بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو پێ سپێرییە جێبەجێ بکات و دەست بەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەست بەردار بوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەست بەرداربووندا، کە بوو، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی نێو هێنراوەوە، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن).

لەمێژا ووتراوە لەسیاسەتدا بەرژەوەندی هەیە، نەك دۆستی هەمیشەیی، زۆربەی رێككەوتنەكانیش لەگەڵ كورد بە زارەكی بووە بۆیە هەمیشە سەبارەت بەخواستەكانی پشتی تێكراوە" ئەمە جگەلەوەی كورد هەمیشە لەناوخۆدا ناكۆك و ناتەبا بووەو شكستهێنانی شۆڕشەكانی بەدەستی لایەنەكانی ناوخۆیی گەواهی ئەو راستییەن، ئەمەش گوزارشت بووە لە ئەقڵیەتی ئەو سەردەمەی كورد کە بەداخەوە تائێستاش درێژەی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رێككەوتننامەی سیڤەر تەنها رێككەوتننامەیەكە کەبەڕوونی باس لە دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆ بۆ كورد دەكات". هەر وەک باسمان کرد لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ .

رێككەوتننامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی باسی لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كردووە، دەبوو سیاستمەدارانی کوردی ئەوکات سارد نەبونایەتەوە لەگەڵ ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵەتیە بۆ مافەكانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بونایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندە یاساییانەی کەلە پەیماننامەکەدا ھاتووە.چونکە لە ساڵێ ١٩٢٠ ەوە بۆ ١٩٢٣ کاتێکی زۆر گونجاوبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پەیوەندیداربووە بە دۆزی کوردەوە.

بەڵام تا رۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ‌ نەكردنی ئەو مادانە جێی پرسیارن.!؟ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا رۆژگاری ئەمرۆش بووە خەونی كورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو كات ئەو پەیمانە و بەندەكانی بۆ كورد بچوایەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، ئێستا واقیعی ناوچەکە و كوردو كوردستان بە تایبەتی شتێكی تر دەبوو.

قم بتسجيل الدخول لكي تتمكن من رؤية المصادر
هذا المقال لا يعّبر بالضرورة عن رأي شبكة لاناس.