کە شەکرەم هەبوو برنج بخۆم؟
د. سهروهر سالار چوچانى
ئەم پرسیارە زۆر لە من و پزیشکەکانی هاوپیشەم دەکرێت، بۆیە ئەم بابەتەم وەکو خۆی بۆ وەرگێڕاون لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە، بەو هیوایەی ئەوەی شەکرەی هەیەو ئەوەی کەسێکی ناسراوی شەکرەی هەیە بیخوێنێتەوەو زانیارییەکان بگەیەنێت.
خۆراک بنەمایەکی گرنگی تەندروستییە، نەخاسمە بۆ تووشبووان بە شەکرە. بەشێکی بەرچاو لە تووشبووانی شەکرە دەپرسن کە ئاخۆ برنج (یان هاوتا پڕ کاربۆهێدراتەکانی) دەکرێ بەشێک بێت لە خۆراکى سەر سفرەکانیان؟
برنج جۆرێکە لە کاربۆهێدرات، ئەم بابەتەش تایبەتە بە کاربۆهێدراتەکان لە ژەمی تووشبووانی شەکرەدا، بۆیە بە خوێندنەوەی بابەتەکە، خۆت وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەیتەوە.
شەکرە چییە؟
شەکرە نەخۆشییەکە کە تێیدا جەستە ناتوانێ وەک پێوویست هۆرمۆنی ئەنسۆلین دروست بکات، یان دروستی دەکات، بەڵام ناتوانێ وەک پێویست سوودی لێ وەربگرێت و لە هەندێک حاڵەتیشدا هەمان کەس هەردوو گرفتەکەی هەیە.
ئەنسۆلین وادەکات شەکر لە خوێنەوە جووڵەی پێبکرێت بۆ نێو خانەکانی لەش و لەوێدا وەک سەرچاوەیەکی وزە سوودی لێ وەربگیرێت.
ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە، بڕی ئەو شەکرەی لە خوێنیاندا کۆبووەتەوە زۆرترە لە ئاسایی. ئەو بەرزبوونەوەیەی شەکری خوێن ئەگەر چارە نەکرێ زیان لە ئەندامەکانی جەستە دەدات.
هەنگاوەکانی رێگەگرتن لەو کەڵەکەبوونەوەی شەکری خوێن لە تووشبووانی شەکرەدا ئەمانەن:
- خۆراکێکی گونجاو
- وەرزش بکرێتە نەریت
- کە پێویستی کرد، دەرمان بخوات
خۆراکی تەندروست بەشێکی گرنگی پرۆسەی رێکخستنی شەکری خوێنە. کەسێکی تەندروست دەبێ بە برسێتی ئاستی شەکرەی لە 126 ملگم/ دێسلیتر کەمتر بێ و لە تێریدا لە 180 کەمتر بێ.
ئەوانەی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە، هەر دەبێ ماددەی ئەنسۆلین وەربگرن کە ئێستا بە زۆری بەشێوەی دەرزی هەیە.
جۆرەکانى شەکرە:
تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک زیاتر منداڵان و گەنجانن و بەهیچ جۆرێک ئەنسۆلین لە پەنکریاسەوە دەرنادەن، چونکە خانەکانی دەردانی ئەنسۆلین لە پەنکریاسیاندا بەتەواوی لەنێوچوون بەهۆی هێرشی کۆئەندامی بەرگری بۆ سەر ئەو خانانە.
بەڵام شەکرەی جۆری دوو، زۆرتر پەیوەندی بە قەڵەوی و فاکتەری بۆماوەیی هەیە و تێیدا تووشبووان ئەنسۆلینیان هەیە، بەڵام یان بڕەکەی کەمە یان خانەکانی جەستەیان وەک پێویست وەڵامی کاری ئەنسۆلینی جەستەیان ناداتەوە. نزیکەى 95%ى تووشبووانی شەکرە، شەکرەی جۆری دوویان هەیە.
ئەوانەی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە، هەر دەبێ ماددەی ئەنسۆلین وەربگرن کە ئێستا بە زۆری بەشێوەی دەرزی هەیە.
تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو بە وەرزش و رێجیم یارمەتی رێکخستنی شەکری خوێنیان دەدەن، دەرمانەکانیشیان بەزۆری بەشێوەی حەب هەن و چەندین جۆریان هەیە.
کاربۆهێدراتەکان چۆن کار لە شەکرە دەکەن؟
کاربۆهێدراتەکان سەرچاوەیەکی گرنگى وزەی لەشن. بەزۆری لە شێوەی نیشاستە و شەکری سروشتی و دەستکرددا هەن. سەرچاوە دەوڵەمەندە سروشتییەکانی کاربۆهێدراتەکان بریتین لە: دانەوێڵەکان، میوە و سەوزەکان، پاقلەمەنییەکان، شیرەمەنییەکان و شیرینییە جیاوازەکان.
کاتێک کاربۆهێدراتەکان دەچنە جەستە، لەلایەن کۆئەندامی هەرسەوە دەگۆڕدرێن بۆ شەکر. کاتێک ئەو شەکرە هەڵدەمژرێت بۆ نێو خوێن، جەستە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەردەدات.
ئەنسۆلین پاڵ بە شەکری نێو خوێنەوە دەنێت بۆ نێو خانەکانی لەش، واتە ئەنسۆلین وادەکات ئاستی شەکری خوێن دابەزێ و کەڵەکە نەبێ، ئەمە لە کەسانی ئاساییدا.
بەڵام ئەوانەی شەکرەیان هەیە، یان ئەنسۆلین دروست ناکەن یان کەمی لێ دروست دەکەن، یاخود دروستی دەکەن بەڵام ناتوانێ وەک پێویست شەکرەکان لە خوێنەوە بکاتە نێو خانەکانەوە، لەواندا شەکر لە خوێندا کەڵەکە دەبێ.
ئەوانەی ئەنسۆلین دەرنادەن (شەکرەی جۆری یەک)، ناچارن هۆرمۆنەکە بەشێوەی دەستکرد و لە رێگەی دەرزییەوە بگەیێننە جەستەیان (لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەنسۆلین بەشێوەی جیاواز هەیە نەک هەر دەرزی).
بەڵام ئەوانەی ئەنسۆلینیان هەیە و کەمە، یان ئاساییە و وەک پێوست کاری خۆی ناکات (شەکرەی جۆری دوو) ئەوە دەرمانی ئەوتۆیان پێدەدرێ کە بڕی ئەنسۆلین زیاد دەکات، یان دەرمانی ئەوتۆ کە وادەکات ئەنسۆلینی نێو جەستە کاراتر کاری خۆی بکات.
چۆن کاربۆهێدراتەکان هەژمار بکەین؟
کۆمەڵەی شەکرەی ئەمریکایی دەڵێ کەسی تووشبووی شەکرە بۆی هەیە هەر ژەمێک 45-60 گرام کاربۆهێدرات بخوات.
کاربۆهێدرات سێ جۆری سەرەکی هەن: نیشاستە، شەکر و ریشاڵی خۆراکی.
نیشاستە کاربۆهێدراتێکی ئاڵۆزە و لە چەند خۆراکێکدا هەیە وەکوو: لۆبیا، پەتاتە، گەنمەشامی، پاقلە، فاسۆلیا و دانەوێڵەکان. هەرچی ریشاڵە، ئەوە لە رووەکەکاندا هەیە و هەرس ناکرێ. بە زۆری لە سەوزە، میوە، دانەوێڵە، پاقلەمەنی و چەرەسەکاندا هەیە.
ریشاڵە خۆراکییەکان شەکری خوێن بەرزناکەنەوە و وا دەکەن خۆراک بە لەسەرخۆیی هەرس ببێ و ناهێڵن ئاستی شەکری خوێن بە خێرایی هەڵبکشێ. وا باشە رۆژانە 20-35 گرام ریشاڵی خۆراکی بخورێ.
بەڵام شەکر ئەو جۆرەی کاربۆهێدراتە کە خێراتر هەڵدەمژرێ و دەگاتە خوێن و خێراتریش شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە. شەکرە سروشتییەکان لە میوە و شیرەمەنییەکاندا هەن و شەکری دەستکردیش ئەوە روونە کە چۆنە و دەکرێتە چی!
کاربۆهێدرات لە سەوزەکانیشدا هەیە وەکوو کاهوو، بیبەر، خەیار، قارچک و چەندینی دیکە. ئەمانە بەهۆی زۆریی پێکهاتەی ئاویانەوە، کاربۆهێدراتیان کەمە، بۆ نموونە نیو کوپ خەیار تەنیا 2 گرام کاربۆهێدراتی تێدایە. واتە جۆر و بڕی کاربۆهێدرات کار لە ئاستی شەکری خوێنی تووشبووانی شەکرە دەکەن.
ئەو خۆراکانەی هێواش هەرس دەبن، وەک ئەوانەی پڕ ریشاڵی خۆراکین یان ژەمە هەمەجۆر و فرەڕەنگەکان، گرنگن بۆ رێگری لە هەڵکشانی خێرای ئاستی شەکری خوێن.
برنج بخۆین؟
با بێینەوە سەر پرسیاری یەکەم: تووشبووی شەکرە برنج بخوات؟
خۆراکە پڕ کاربۆهێدراتەکانی وەک دانەوێڵەکان، پاستا، برنج و سەوزە پڕنیشاستەکان، بۆ تووشبووانی شەکرە قەدەغە نین، بەڵام نابێ زۆریان لێ بخورێ. برنج لەو جۆرانەیە کە کاربۆهێدراتی زۆرە، بەڵام ئاساییە بەبڕی گونجاو بخرێتە نێو ژەمەکانەوە. 100 گرام برنجی کوڵاو 24 گرام کاربۆهێدراتی تێدایە. ئەوەش دەکاتە نزیکەی نیوەی کۆی ئەو کاربۆهێدراتەی تووشبوویەکی شەکرە بۆی هەیە لە ژەمێکدا بیخوات.
خۆ ئەگەر لەگەڵ برنجەکەدا ریشاڵە خۆراکییەکان، پرۆتین و چەورییە سوودبەخشەکان هەبن، ئەوە کاریگەری نەرێنیی برنجەکە هێواش دەکەنەوە.
تێبینی: ئەم بابەتە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە و لە راستیدا بۆ پزیشکان شەکرە بابەتێکی ورد و ئاڵۆزترە، هەرچی دەستنیشان و چارەسەری نەخۆشییەکەشە ئەوە لە پسپۆڕیی پزیشکانی هەناودایە.