بيتُ القراء و المدونين
  •  منذ 3 شهر
  •  0
  •  0

بۆچی مێژووى گەلان گرنگە؟!

گرنگە بۆ ئێمە فێری یاساکانی خودا بین. خودا یاساکانی جێگیر کردووەو ناگۆڕدرێن و لاناچن، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: فَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلًا ۖ وَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلًا . واتە: [لە سوننەتی خودادا هیچ گۆڕانکارییەک نادۆزیتەوە و ئەمە ڕێگەوشوێنی خوایە و قەت نابینی ڕێ و شوێنی خوا بگۆڕدرێ].
بۆیە ئەمە فەرمانێکە خودای گەورە لە کتێبەکەیدا باسی کردووە و کردوویەتی بە یەکێک لە سوننەتە جێگیرەکانی خۆی. وەک نموونەیەکی کردەیی بۆ ئەمە، بۆ ئەوەى بابەتەکەمان لا ڕوون بێت. ئاو لە سەد پلەی سەدی دەکوڵێت و بەردەوام دەبێت لە کوڵان لەم پلەی گەرمییەدا تا ڕۆژی قیامەت. ئەمەش لە ڕەحمەتی ئەوەوەیە، پاکی و بێگەردی بۆ ئەو، کە ئەم بابەتەی بۆ ئێمە جێگیر کردووە. ئەگەر نا ڕۆژێ ئاو بە سی پلە و سبەی بە پەنجا پلە و ڕۆژی دواتریش بە حەفتا پلە بکوڵێت، ژیانی خەڵک لەگەڵ ئەم بابەتەدا ڕاست نابێت و کاروبارەکانیان سەقامگیر نابێت؛ چونکە هەموو ڕۆژێک جیاوازە لە ڕۆژەکەی تر و بەمەش ناڕێکییەکى گەورە دروست دەبێت. هەر لەبەر ئەوەیە خودای گەورە ڕێساکانی بەتوندی داناوە و سوننەتەکانی تێدا ڕێکخستووە.
یاخود ئاگر دەسوتێت و تا قیامەت بەردەوام دەبێت. ناکرێت و نابێت پشت بە تەنها ئیستسناء ببەستین، ئەو ئاگرە کە لە بنەڕەتدا سووتاوە، ئیبراهیمی نەسوتاند(ر.خ) ئەمە ئیستسنایە و باوەڕداری ژیر و وریا لەسەر ئیستسنایەکان بنیاتى خۆی نانێت و وەک ڕێسا وەریناگرێت، بەڵکو لەسەر ڕێسای جێگیر و دامەزراو و بنەڕەتی بنیات دەنێت. ئایا باوەڕدار دەتوانێت لەسەر ئەمە یارى بە ژیانی خۆی بکات و لەسەر ئەو ئیستسنایە دەستی بخاتە ناو ئاگرەوە؟ ئینجا بڵێت: ڕەنگە ئەم حاڵەتە بەسەر منیشدا بێت، وەک ئەوەی بەسەر ئیبراهیمدا (ر.خ)هات. ئەمە بە هیچ شێوەیەک دروست نییەو کەسیش ناتوانێت بیڵێت.
کەواتە نەگۆڕەکانی خودا کە ناگۆڕدرێن بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێت، مرۆڤ و ئاژەڵ بە گشتی ناتوانێ بەبێ خواردن و خواردنەوە بژی، وە ئەگەر مرۆڤ بۆ چەندین ڕۆژ یان تەنانەت چەند مانگێکیش بەبێ خواردن و خواردنەوە بژی، چارەنووسی بە ناچاری مردنە.
بەهەمان شێوە یاساکانی خودای گەورە لە گۆڕینی گەلاندا یاسای جێگیرن، خودا گۆڕینی گەلانەکانى لە خراپەوە بۆ چاکە و لە چاکەوە بۆ خراپە، بە یاسا جێگیر کردووە و ناگۆڕێت. ئەگەر ڕێبازێکی دیاریکراو پەیڕەو بکەیت، ئەوا ئەنجامەکە دەبێت ناسراو و زۆر ڕوون بێت. وەک چۆن لەلاى خودای گەورە جێگیر کراوە.
کاتێکیش مێژوو دەخوێنیتەوەو بە لاپەڕەکانیدا دەگەڕێیتەوە، یاساکانی خودای گەورە دەبینیت لە گۆڕان و گۆڕانکاریدا. مێژوو بە شێوەیەکی سەیر خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەجۆرێک هەست دەکەیت وەک ئەوەی وەک یەک بن، هەمان ڕووداوەکان کە لەم کاتەدا ڕوودەدەن، لەگەڵ ئەوانەى ١٠٠٠ساڵ لەمەوبەر ڕوویانداوە زۆر جیاواز نین، تەنها لە هەندێک ناو یان نازناودا نەبێت.
بۆیە کاتێک مێژوو دەخوێنیتەوە، وەک ئەوە وایە داهاتوو بە ڕووداو و وردەکارییەکانیەوە بخوێنیتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە خودای گەورە لە سوننەتە دامەزراوەکانیدا بۆی خوێندوویتەوە و بۆى دیاری کردووین کە دەرئەنجامەکانی چی دەبێت و کۆتایی ئەم ڕێگایە چییە کە دەست پێدەکەیت و پەیڕەوی لێدەکەیت.
ئیمانداری وریا ناکەوێتە ناو هەڵەی پێش خۆیەوە و ئیمانداری عەقڵانی و هۆشیار ئەو کەسەیە: ئەوەی پێش خۆی کردوویانە لە ستایش و شتی ئەرێنیدا دووبارە دەکاتەوە و سەرکەوتوو دەبێت، بە سوود وەرگرتن لێیان و شوێنکەوتنی نموونەی ئەوان. بەهەمان شێوەش ناکەوێتە هەڵەی ئەو کەسانەی دژایەتی خودای گەورە دەکەن، جا بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست.

قم بتسجيل الدخول لكي تتمكن من رؤية المصادر
هذا المقال لا يعبر بالضرورة عن رأي شبكة لاناس.