سوراو دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی توانای مێشك
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی %55 ی پێكهاتەی سوراوی لێو بریتیە لە قوڕقوشم و ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی عەقڵی ژنان و لەوانەیە ئاستی زیرەكی وتوانای فێربوونی خانمان كەمبكاتەوە.
لێكۆڵینەوەكە بەرهەمەكانی 22 كۆمپانیای گەورەی بواری جوانكاری جیهانی لەخۆگرتووە، و لەئەنجامدا دەركەوتووە بەرهەمەكانی 12 كۆمپانیا قوڕقوشمی تێدا بەكاردەهێنرێت و لەسوراوی لێودا بەرزترین ئاستی قوڕقوشمی زیانبەخش بەكاردەهێنرێت كە ئەویش 3.22 بەشە لەملیۆنێكدا. هاوكات د. شۆن بالفری، بەڕێوەبەری بەرنامەی قەدەغەكردنی ژەهراویبوون بە قوڕقوشم لە شاری بۆستۆنی ئەمریكا، هۆشداریدا بەركەوتنی قوڕقوشم ئەگەر بە ئاستی نزمیش بێت مەترسی تەندروستی گەورەی لێدەكەوێتەوە بەتایبەتی تەندروستی عەقڵی مرۆڤ.
لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی تر، كە گۆڤاری (ساینس) بڵاویكردۆتەوە، كەڵەكەبوونی قوڕقوشم لە خوێندا بۆتەهۆی دواكەوتنی بەرچاو لە تواناكانی مێشكی ئەو ئافرەتانەی تەمەنی 55 ساڵیان تێپەڕاندووە بەتایبەتی یادەوەریی و توانای تێگەیشتن و وەرگرتن.
هاوكات چالاكوانێكی ژن بێزاری خۆی لە لێكۆڵینەوەكە دەربڕیوە و ئاماژەیكردووە بەوەی ڕەنگە بەشێك لەڕاستی تێدابێت و زۆربەی بەرهەمەكانی جوانكاری چەندین ماددەی كیمیایی تێدابەكاردەهێنرێت، و ڕونیكردۆتەوە سوراوی لێو زیاتر لە 100 ساڵە بەكاردەهێنرێت و ژنان بەدەگمەن بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشی عەقڵی بونەتەوە و هۆكاری نەخۆشیە عەقڵیەكانی بۆ خواردنی خواردەمەنی لەقوتونراو-كە قوڕقوشم وەكو مادەی پارێزكار تێیاندا بەكاردەهێنرێت- و پیسبوونی ئاوهەوا و ئەنجامنەدانی وەرزش دەگەڕێتەوه ئەو چالاكوانە جەختیكردۆتەوە پێویستە خانمان بەرهەمی كاركە جیهانیەكان بەكاربهێنن و هۆشداریداوە هەتا سوراوەكانیان بە تەواوی نەسڕنەوە خواردن نەخۆن.