کاردانەوەی شەرعیی لهمهڕ بێڕێزیی بە ئیسلام
کاردانەوەی دروست و شەرعیی بەرامبەر بەوانەی بێڕێزیی بە پیرۆزیەکانی ئیسلام دەکەن.
هەرکات سوکایەتیی و بێڕێزیی بەرامبەر بە خوای پەروەردگار یان پێغەمبەری خوا یان قورئانی پیرۆز یان هەر دروشم و پیرۆزیەکی دیکەی ئیسلام کرا، جا لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت، لەسەر موسڵمانان پێویستە چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ، هەڵوێست و کاردانەوەیان هەبێت و کاردانەوەکەشیان بەپێی شەرع بێت، کە خۆی لەو خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:-
یەکەم/ ڕێگریی و وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ:
ئەگەر موسڵمان لە شوێنێک یان کۆڕێک ئامادەبوو، لەو شوێنەدا بێڕێزیی بە خواو پێغەمبەر یان هەر دروشمێکی ئیسلام کرا، لەسەر ئەو موسڵمانە پێویستە، ئەگەر توانی ڕێگری لەو بێڕێزیە بکات و نەهێڵێ بەردەوام بێت، یان لانیکەم بە قسەو وەڵامدانەوە بەرپەرچی ئەو بێڕێزیکارە بداتەوەو ناچار بە داوای لێبوردنی بکات، پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: (مَن رأى منكم منكرا فليغيره بيده، فإن لم يستطع فبلسانه، فإن لم يستطع فبقلبه، وذلك أضعف الإيمان) رواه مسلم.
واتە: هەر کەسێک لە ئێوە کارێکی ناڕەوای دیت با بە دەست بیگۆڕێت، ئەگەر نەیتوانی با بە زمان بیگۆڕێت، ئەگەر نەیتوانی با بە دڵ دژی بێت، ئەوەش لاوازترین ئاستی ئیمانە.
بێگومان بێڕێزیی بە پیرۆزیی و دروشمەکانی ئیسلام لە کارە هەرە ناڕەوایەکانە، کە دەبێ ڕێگەی لێ بگیرێ.
دووەم/ جێهێشتنی ئەو شوێنە:
لەسەر موسڵمان پێویستە ئەگەر نەیتوانی بەدەست یان بە زمان ئەو بێڕێزیی و سوکایەتیە ڕابگرێ، ئەو کۆڕو کۆمەڵە بەجێ بهێڵێ کە تێیدا گاڵتەو بێڕێزیی بە ئیسلام و پیرۆزیەکانی دەکرێ.
خوای مەزن دەفەرموێ: (وَقَدْ نَزَّلَ عَلَيْكُمْ فِي الْكِتَابِ أَنْ إِذَا سَمِعْتُمْ آيَاتِ اللَّهِ يُكْفَرُ بِهَا وَيُسْتَهْزَأُ بِهَا فَلَا تَقْعُدُوا مَعَهُمْ حَتَّىٰ يَخُوضُوا فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ ۚ إِنَّكُمْ إِذًا مِّثْلُهُمْ) النساء/ ۱٤۰.
واتە: خوای گەورە ئەوەی دابەزاندۆتە سەرتان لە کتێبی خۆیدا، کە هەر کات بیستتان کوفر بە ئایەتەکانی خوا دەکرێ یان گاڵتەیان پێ دەکرێ، لەگەڵیان دامەنیشن هەتا دەچنە ناو قسەوباسێکی ترەوە، ئەگەر هەر لەگەڵیان دابنیشن ئێوەش وەک ئەوانن.
سێیەم/ گرتنەبەریی ڕێگای یاسایی:
تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی بێڕێزیی بە پیرۆزیە ئاینیەکان دەکەن، ڕێگەیەکی زۆر دروست و باشەو ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە ئەو کارە بکەن، لە پێش هەموویانەوە: داواکاری گشتی، وەزارەتی ئەوقاف، یەکێتی زانایانی ئاینیی، لایەنە ئیسلامیەکان، ڕێکخراوەکان، زانایانی ئاینی و ئەهلی تەریقەت، دوای ئەوانیش باقی موسڵمانان. چونکە بە پێی دەستوری عێراقی و یاساکانی هەرێم و عێراق سوکایەتی بەرامبەر پیرۆزیە ئاینیەکان قەدەغەیەو تاوانە.
چوارەم/ سۆشیال میدیاو ڕای گشتی:
سۆشیال میدیاو وروژاندنی ڕای گشتی بەرامبەر بەوانەی سوکایەتیی و بێڕێزیی بە ئیسلام و دروشمەکانی دەکەن، ئەو کاتە پێویستە کە نەتوانرا لە ڕێگای یاساوە سزای ئەو جۆرە کەسانە بدرێت، یان لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵات هاوکار نەبوون، یان قسەکانیان بێجگە لە سوکایەتیی گومان دروست کردن و تۆمەتبارکردنی ئیسلام و موسڵمانان تێدا بوو، لەو حاڵەتانەدا دەکرێ جگە لە سۆشیال میدیا پەنا بۆ گردبوونەوەو خۆپیشاندان و چالاکی تری مەدەنیش ببرێ، بەڵام ئەگەر بێڕێزیەکان لەبازنەیەکی سنوردار دا بوون و توانرا لە ڕێی یاساوە سزای ئەو کەسانە بدرێ، ئەوا وروژاندنی لە سۆشیال میدیا زۆر پێویست نیەو زۆر جار زیانی لە سوودەکەی زیاترە.
پێنجەم/ نەگشتاندنی تاوان:
کاتێک کەسێک لە شوێنکەوتووی ئاینەکانی تر وەک مەسیحی و یەزیدی، یان هەر تاقمێکی دی، سوکایەتیی و هێرشی ناڕەوای دەکاتە سەر پیرۆزیەکانی ئیسلام، پێویستە کاردانەوەو وەڵامدانەوەکان تەنها ڕووی لەو کەسەو لەوانە بێت کە پشتگیری دەکەن، نەک کۆی شوێنکەوتووانی ئەو دین و مەزهەب و تائیفەیە، خوای گەورە دەفەرموێ: (ولا تزر وازرة وزر اخری) واتە: کەس تاوانی کەسێکی دی هەڵناگرێ.
ڕەوا نیە بەهۆی چەند کەسێکەوە تێکڕای دین و مەزهەب و تائیفەیەک یان نەتەوەیەک تۆمەتبار بکرێن.
شەشەم/ خۆدوورگرتن لە جنێوو وشەی نەشیاو:
چ له حاڵەتی کاردانەوەو چ لەکاتی تردا، نابێ موسڵمان جنێوو وشەی نەشیاو بەکار بێنێ، تەنانەت ئەگەر کەسانێک سوکایەتیش بە پیرۆزیەکانمان بکەن، ئێمە دەبێ وەڵام و کاردانەوەی تووندمان هەبێ بەڵام دوور لە تەشهیرو جنێودان، چونکە ئیسلام ڕێگامان نادات وەک ئەوان سوکایەتیی و بێڕێزی بکەین، یان جوێن بە خواکانیان بدەین، وەک قورئان دەفەرموێ: (وَلَا تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ فَيَسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ ۗ الانعام/ ١٠٨.
واتە: جنێو مەدەن بەوانەی هاوبەشپەرستان لە جیاتی خوا دەیان پەرستن جا ئەوانیش جنێو بەخوا بدەن.
هەروەها پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: (ليس المؤمن بالطعان ولا اللعان ولا الفاحش ولا البذيئ) واتە: موسڵمان تانەدەرو نەفرینکەرو جنێودەرو دەمپیس نیە.
زۆر گرنگە ئەو موسڵمانانەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەکار دەهێنن ئاگاداری ئەو خاڵە بن و خۆیان لە هەموو وشەو دەربڕینێکی نەشیاو بپارێزن.
م.یاسین وەرتی