به‌رکوڵێک له‌باره‌ی مێژووی کۆنی هه‌ولێر
ئاسۆس محه‌مه‌د مه‌لا قادر
هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیایی
هه‌ولێر ده‌که‌وێته نێوان هێڵه‌کانی درێژی "00.00.'01°44 ڕۆژهه‌ڵات و هێڵه‌کانی پانی "00.00 '10°36 باکوره‌وه. شاری هه‌وڵێر ده‌که‌وێته قه‌راخی زنجیره چیاکانی زاگرۆسه‌وه و شوێنه‌که‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌کی ده‌شتاییدا هه‌ڵکه‌وتووه، که ده‌که‌وێته نێوان زێێ گه‌وره و زێێ بچووکه‌وه
مێژووی هه‌ولێر به هۆی ئه‌نجام نه‌دانی کنه‌و پشکنینی شوێنهواریهوه ئه‌سته‌مه بتواندرێت له‌م کاته‌دا مێژووی دروستکردنی هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌کی زانستیانه بخرێته به‌ر چاو. سه‌رچاوه‌کانی نووسینه‌وه‌ی مێژووی هه‌ولێر، که له چوارچێوه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا به‌کارده‌هێندرێن بریتین له سه‌رچاوه‌ی مێژووی ده‌ره‌کی، واته ئه‌و تۆمارانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌وانی دیکه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌م شاره نووسراون و له شوێنی جوگرافیایی دیکه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه، هۆکاری ئه‌مه‌ش ئه‌نجام نه‌دانی کنه‌و پشکنینی شوێنه‌وارییه له قه‌ڵای هه‌ولێردا. ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه‌پێدان بێت ئه‌وه‌یه، گردی قالنج ئاغا، که به دووری کیلۆمه‌ترێک ده‌که‌وێته باشوری قه‌ڵای هه‌ولێره‌وه، ده‌کرێت سه‌ره داوێکمان له‌باره‌ی مێژووی نیشه‌جێبوون به‌ده‌سته‌وه بدات گردی قالنج ئاغا که کنه‌و پشکنینی تێدا ئه‌نجامدراوه و ئه‌نجامه‌کانی کنه‌و پشکنین ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، که ئه‌م شوێنه شوێنه‌واریه له نێوان سه‌رده‌می حه‌له‌ف و جه‌مده‌ت نه‌سردا ئاوه‌دان بووه. لێ له ده‌سپێکی هه‌زاره‌ی سێیه‌می به‌ر له زایندا دانیشتوانی گردی قالنج ئاغا ده‌ست به‌رداری شوێنه‌که بوونه. هه‌ندێک له پسپۆران ئه‌وه گریماندهکهن، که ڕه‌نگه دانیشتوانی گردی قالنج ئاغا به‌ره‌و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر ڕهویانکردبێت. ناوی شاری هه‌ولێر له نووسینه مێخیه‌کاندا به‌شێوه‌ی جیاواز ده‌رده‌که‌وێت. کۆنترین شێوه‌یه هه‌ولێر له‌ناو ده‌قه مێخیه‌کاندا بریتیه له ئوربیللوم. به گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه نووسراوانه‌ی له به‌رده‌ستدان کۆنترین ئاماژه پێدانی هه‌ولێر (ئوربیللوم) ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می ئیریدو-پیزیری پاشای گوتی. هه‌رچه‌نده ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه به خاڵێکی گرنگه بدرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که خودی نووسینه‌که ناگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می فه‌رمانڕانی گوتیه‌کان و دیاریکردنی سه‌رده‌می کتومتی فه‌رمانڕانی ئیریدو-پیزیریش له ڕیزبه‌ندی زنجیره‌ی پاشاکانی دیکه‌ی گوتیدا جێگه‌ی دڕدۆنگیه، به‌ڵکو نووسینه‌که بریتیه له یه‌کێک له‌و سێ گۆهارتۆیهی سه‌ر په‌یکه‌رێکی سه‌رده‌می بابلی کۆن، که له نیپور دۆزراوه‌ته‌وه. لێره‌دا دهههنبهر مێژووی هه‌ولێر ته‌نها یه‌کێک له نووسینه‌کان گرنگه، نووسینه‌که له (بی.تی 2+3 ستوونی 8 دا ده‌رده‌که‌وێت)1، له‌م نووسینه‌دا ئیریدو-پیزیر سه‌رکه‌وتنی خۆی به‌سه‌ر فه‌رمانڕانی ئوربیلومدا تۆمارده‌کات و ده‌ڵێ له تاکه ڕۆژێکدا ملی ڕێگام گرت و...هه‌ڵم کوتایه سه‌ر (وشه‌یی: کوشتم ( saǧ-ǧeš-ra )(
شاخی مومومی ده‌روازه‌ی شاری ئوربیلوم. و نیریش-خوخای فه‌رمانڕانی (ئێن2-[سی]) ئوربی[لوم]م‌م [...]2. له‌م تۆماره مێژووییه‌دا به شێوه‌یه‌کی خۆ‌یا ده‌تواندرێت خاڵێکی گرنگی مێژوویی له هه‌مبه‌ر مێژووی هه‌ولێر ههلبهێنجدرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که فه‌رمانڕانی ئوربیلوم له‌و سه‌رده‌مدا ناوێکی خوری لێبوه. پاشاکانی بنه‌ماڵه‌ی ئوری سێیه‌م ناوه‌که به‌شێوه‌ی ئوربیلوم تۆمار ده‌که‌ن. پاشا شولگی جێنشینی ئور-نه‌مو له ساڵی چل و سێیه‌می فه‌رمانڕانیدا (2094=2047) شاره‌که کاول ده‌کات، هه‌روه‌ک له مێژووی ساڵه‌کی خۆیدا ئاماژه‌ی پێده‌کات، دواتر ئه‌مار-سینی پاشای هه‌مان بنه‌ماڵه و جێ نشینی شولگی ناوبراو له ساڵی دوه‌می فه‌رمانڕانی خۆیدا (2048- 2047) شاره‌که ده‌خاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه3.هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌می بابلی کۆندا هه‌ولێر (ئوربیللوم) تاک و ته‌را ئاماژه‌ی پێده‌ده‌رێت، لێ سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاک و ته‌رایی ئاماژه پێدانه‌ش، ده‌تواندرێت پێگه‌ی گرنگی ئوربیللوم له‌و سه‌رده‌مه‌دا به شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه بهدیبکرێتشهمشی-ئه‌ده‌د 1828-1776 له درێژه‌ی فراوانکردنی ده‌سته‌ڵاتی خۆیدا به ئاڕاسته‌ی ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی دیجله‌دا، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ڕاپخا (که‌رکوکی ئێستا) ده‌خاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه له زێێ بچووک ده‌په‌ڕێته‌وه‌و و تاڵان و بڕۆ له وڵاتی قهبرادائهنجامدهدات، ڕوو ده‌کاته ئوربیللوم (ئوربێل) و له مانگی مهگرانومدا و داگری ده‌کات .4
ئوربیللوم له میللی سه‌رکه‌وتنی دادوشای پاشای ئێشنوناشدا به شێوه‌ی ئوربێل ئاماژه‌ی پێده‌درێت. دادوشا له نووسینی سه‌ر میللهکهدا (م.ع 95200 ) دا چۆنیه‌تی شاڵاوه هاوبه‌شه‌که‌ی له‌گه‌ڵ شه‌مشی-ئهدهدا ( له ده‌قه‌که‌دا سهمسی-ئیم واته سهمسی-ئهددو به‌شێوه‌ی ئاموری) بۆ سه‌ر وڵاتی قه‌برا و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی دیکه تۆمار ده‌کات و له هه‌مان چوارچێوه‌شدا ئاماژه به بونا-ئێشتاری پاشای ئوربیللوم ده‌دات و چاوه‌ڕاوی ئه‌وه ده‌کات، که به چه‌که به‌هێزه‌کانی توانیوه‌یه‌تی تۆڕیبدات و به‌فیزه‌وه شل و کوتیبکات.. .
هه‌ولێر له ڕه‌وڕه‌وه‌ی هه‌زاره‌ی دووه‌می به‌ر له زایندا ده‌بێته یه‌کێک له ناوچه‌کانی به‌رتاوی ئاشووری و ئه‌مه‌ش پێویستی به توێژینه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له م سونگه‌یه‌وه میژووی کتومتی بوونی هه‌ولێر به یه‌کێک له ناوچه‌کانی ژێر ڕکێفی ئاشووریه‌کان دیاری‌بکرێت . له سه‌ده‌ی نۆیه‌می به‌ر له زاینه‌وه هه‌ولێر وه‌ک مه‌ڵبه‌ندێک یان قۆناخێکی پێدا تێپه‌ڕینی سوپای ئاشووریه‌کان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات به‌کار ده‌هێندرا.ئه‌م شاڵاوانه ده‌ره‌ی کیکورریان وه‌ک ڕێگه‌ی پێدا تێپه‌ڕبوون بهکاردهێنا. هه‌ولێر له ساڵی 827 ی به‌ر له زایندا به‌شداری ئه‌و ڕاپه‌ڕینه ده‌کات، که پێنج ساڵ دواتر له‌لایه‌ن شه‌مشی-ئه‌ده‌دی پێنجه‌مه‌وه سه‌رکوت ده‌کرێت و دواتر ده‌یخاته‌وه سه‌ر ئه‌و شارانه‌ی که سه‌ر به ده‌سته‌ڵاتی خۆیبوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه شه‌مشی-ئه‌ده‌دی پێنجه‌م توانی دوای سه‌رکوتکردنی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه زۆربه‌ی هه‌رێمه کۆنه‌کانی وڵاتی ئاشوور دووباره بخاته‌وه سه‌ر ناوچه‌کانی به‌رتاوی ئاشووریه‌وه. شایانی ئاماژه پێدانه له‌سه‌رده‌می ئاشووری نوێ‌دا نووسه‌ره‌کان به زۆری له نووسینی ناوی هه‌ولێردا ژماره 4 (=ئه‌ربا-ئیل) یان . ، به‌کارده‌هێنا، که بڕگه‌ی دووه‌م (ئیل=خوا)هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ناوی شاره‌که واتای چوار خوداوه‌ند بێت. له ڕاستیدا جێگای خۆیه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌م ناولێنانهو بنچینه‌ی وشه‌که بکرێت، لێ هیچ زانیاریه‌کی کت و مت له لایه‌ن نووسه‌ره ئاشووریه‌کانه‌وه ده‌رباره‌ی هۆکاری نووسینی ناوه‌که به‌م شێوازه نهنووسراوهوهتهوه، بۆیه لێره‌دا پێویسته خۆمان له گریمانی نازانستی به دوور بگرین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌کرێت هۆکاری ئه‌م نووسینه پیرۆزی و گرنگی پێگه‌ی ئولیانهی شاری هه‌ولێر بووبێت یان هۆکاره‌که‌ی کورتکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌نگسازی بووبێت، چونکه نووسه‌ره ئاشووریه‌کان ڕه‌نگه وا له ناوه‌که گه‌یشتبن، که بڕگه‌ی یه‌که‌م واتای چوار بێت، یان ته‌نها به‌مه‌ستی کار ئاسانیکردن له نووسینی ناوه‌که‌دا له جیاتی (ئار-با-) ته‌نها ژماره چواریان نووسیبێت، هه‌روه‌ک ئار-با- له زمانی ئه‌که‌دیدا به‌واتای چوار دێت، بۆیه ڕه‌نگه نووسه‌ره ئاشووریه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی چه‌وت له بنچینه‌ی واتای ناوه‌که تێگه‌یشتبن و ته‌نها له‌یه‌کچوونی ده‌نگیان وه‌ک بنچینه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ناوی ئوربیللوم> ئه‌ربائیل به‌کارهێنابێت. سروودێکی سه‌رده‌می ئاشووری نوێ، که به‌سه‌ر هه‌ولێردا ههلدهڵێت پایه‌ی هه‌ولێر له گه‌ڵ پایه‌ی دوو مه‌ڵبه‌ندی دیکه ئاینی سه‌رده‌مه‌که‌دا به‌راورد ده‌کات ئه‌وانیش بابل و ئاشوورن. مێ خوداوه‌ند عه‌شتاری ئه‌ربێلا یه‌کێک بوو له مێ خوداوه‌نده سه‌ره‌کیه‌کانی ئاشووری، که گه‌لێک چه‌لان له‌گه‌ڵ مێ خوداوه‌ند عه‌شتاری نه‌ینه‌وادا شانبه‌شانی خوداوه‌نده گرنگه پیت ڕژێنه‌کانی دی، که له په‌یماننامه‌کاندا ده‌رده‌که‌ون، ئاماژه‌ی پێده‌درێت. مێ خوداوه‌ند عه‌شتاری ئه‌ربێلا له ڕێگه‌ی په‌یامبه‌رانه‌وه خۆی نیشانی فه‌رمانڕانه‌کان ده‌دا، هه‌روه‌ک له ده‌قێکی بهربینیکردا ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌سه‌رحه‌دۆن و زهکووتوی دایکی نووسراوه‌ته‌وه. مه‌زارگه‌ی مێ خوداوه‌ند عه‌شتاری ئه‌ربێلا، که ناوی (ماڵی خانمی وڵات =ئێ2.گاشان.کالام.ما)بوو، چه‌ندین حه‌لان نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه. به‌تایبه‌تی شه‌لمانسه‌ری یه‌که‌م (1245-1274) گرنگی تایبه‌تی به‌م مه‌زارگه‌یه داوه ، هه‌روه‌ها ئه‌سه‌رحه‌دۆن (680-669) و ئاشور-بانیپال (668-627) ئه‌م مه‌زارگه‌یان نۆژه‌نکردۆته‌وه. جه‌ژنی ئاکیتوی مێ خوداوه‌ند عه‌شتاری ئه‌ربێلا له ناوچه‌یه‌کی بچوکی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، که ده‌که‌وته ته‌نیشت میلقیاوه ئه‌نجامده‌درا مێ خوداوه‌ند عه‌شتار له ڕێ و ڕه‌سمه گرنگه‌کانی وه‌ک (ئێارب ئالی = چوونه ناو شار) دا پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو. ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه بریتی بوو له یادکردنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه‌کانی وه‌ک سه‌رکه‌وتنی ئه‌سه‌ر حهدون لبهسهر میسردا ساڵی (671) دا وسه‌رکه‌وتنی ئاشووربانیپال به‌سه‌ر عیلام له شه‌ڕی ئولای و گهمبولودا له ساڵی (653) دا. وا دیاره ئاشووربانیپال شاری هه‌ولێری له نێوان 653 و 648 دا کردبێته یه‌کێک له شوێنه سه‌ره‌کیه‌کانی نیشته‌جێبوونی خۆی. هه‌روه‌ها نووسینه‌کانی ئاشووربانیپال له باره‌ی خه‌ونه‌کانیه‌وه ده‌دوێن، که له‌و خه‌ونه به‌ربینی ئامێزانه‌دا مێ خوداوه‌ند عه‌شتار سروش بۆ ئاشوور بانیپال ده‌کات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئاشوور بانیپال له دوای به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه‌که‌ی به‌سه‌ر تێومانی عیلامیدا له ساڵی 653 دا هه‌ر له‌و شاره‌دا پێشوازی له شاندی ڕوسای دووه‌می ئووڕاڕتی کرد. ئه‌م ڕووداوانه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، که هه‌ولێر له سه‌رده‌می ئاشووربانیپالدا پۆپه‌ی سه‌رده‌می بوژانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیبێت. له دوای به هێزبوونی میدیه‌کان و پوکانه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ئاشوورییه‌کاندا هه‌ولێر کوتای پێ نایه‌ت، به‌ڵکو له ساڵی 615 دا ده‌که‌وێته ژێر ڕکێفی که‌یخوسره‌وه، به‌مه‌ش هه‌ولێر ده‌بێته یه‌کێک له ناوچه‌کانی به‌رتاوی میدی. له سه‌رده‌می ئهخمینیهکانیشدا هه‌ولێر به‌شێوه‌ی جیاواز ئاماژه‌ی پێده‌درێتAŠHar-be-ra
BEHar-be-ra-an
*uruAr-ba-'-il
**a-r-b-i-r-a-y-a
ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه پێدان بێت ئه‌وه‌یه له شێوه‌ی نووسینی سێ نموونه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی خۆ‌یا ده‌تواندرێت ئه‌وه هه‌ڵبهێنجدرێت، که له نووسینی بڕگه‌ی یه‌که‌می ناوه‌که‌دا (ئـ) ده‌بێته (هـ) و بڕگه‌ی پێش کۆتایش له (لـ)ه وه ده‌بێته (ر)، ئه‌مه‌ش پێویستی به توێژینه‌وه‌یه‌کی ورد هه‌یه تا بتوانرێت هۆکاری نووسینی ناوه‌که به‌م شێوه‌یه ده‌ربخرێت، ئایا له ژێر کاریگه‌ری زمانی ئه‌خمینیدا به‌م شێوه‌یه نووسراون یان به‌هۆی ئه‌وه‌وه بووه، که دانیشتوانی ناوچه‌یی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوی شاره‌که‌یان به‌م شێوه‌یه گۆ کردوه.