ژینگە لە پەراوێزی یاسادا
دەستەواژەی ژینگە لە كوردیدا بەرامبەر وشەی (البیئە)ی عەرەبی و (Environment)ی ئینگلیزییە.
لە بنەڕەتدا وشەیەكی ئاوێتەیە و لە ھەردوو وشەی (ژین) و (گە) پێكھاتووە، ژین بە واتای ژیان و گە-ش بە واتا جێ یاخوود شوێن دێت ، ھەردوو وشەكە پێكەوە مانای شوێنی ژیان یان جێی ژیان دەدەن.
بەگشتی ژینگە بەو ناوەندە دەرەكییە دەوترێت كە دەوری مرۆڤی داوە بە پێكھاتە زیندوو و نا زیندووەكانی ناوییەوە.
(وینیك) بەو جۆرە پێناسەی كردووە كە: كۆمەڵێك بارودۆخی دەرەكین و كاریگەری لەسەر مرۆڤ دادەنێن .
ھەرچی (بیتیس)ـیشە ڕەخنەی لەو ئاڕاستەیە گرتووە كە پێیان وایە مرۆڤ لەدەرەوەی پێناسەی ژینگەیە ، چونكە بەبڕوای ئەم ھێڵێكی جیاكەرەوە لەنێوان ژینگەو مرۆڤدا بوونی نییە .
یاسا دانەری كوردستانیش ڕایەكی نزیك لەوەی (بیتیس)ی ھەیە و مرۆڤی بە بەشێك لە پێكھاتەكانی ژینگە ئەژماركردووە كاتێك لە بڕگەی نۆیەمی ماددەی یەكەمی یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ دا بەوجۆرە پێناسەی ژینگەی كردووە: ( ئەو دەوروبەرە ژیانبەخشەیە كە پێكھاتووە لە بونەوەرە زیندوەكان لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەك و پێكھاتەكانی گیانداران و ھەرچی دەوریداوە لە ئاو و ھەوا و خاك و ئەوەی لەخۆی دەگرێ لە ماددەكانی ڕەق،شل و گازەكان و ئەو دامەزراوە جێگیرو جوڵاوانەی كە مرۆڤ لەسەریدا بنیاتی ناوە ) بەڵام یاسا دانەری میسڕی لە ماددەی یەكەمی یاسای (ژینگە) ژمارە ٤ ی ساڵی ١٩٩٤دا وەھا پێناسەی كردووە كە :( ئەو دەوروبەرە زیندەییەیە كە بونەوەرە زیندووەكانی تێدایە و ئەو سامانە سروشتیانەی لەخۆی گرتووە و ھەرچیەكیش دەوری داوە لە ھەوا،ئاو،وشكانی و ھەر دامەزراوەیەكیش كە مرۆڤ تیایدا بنیاتی ناوە ) .
سەرباسی یەكەم //
سەرھەڵدانی یاسا ژینگەییەكان: یاسا ژینگەییەكان واپێناسە دەكرێن كە : كۆمەڵێك ڕێسای یاسایین چالاكی كەسەكان ڕێك دەخەن بە مەبەستی ڕێگری كردن یان سنورداركردنی ئەو زیانانەی بەر ژینگە دەكەون و دەبنە ھۆی پیسكردنی .
لەدوای سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لەڕۆژئاوادا كە ئیدی سەرمایەداری جێی دەرەبەگایەتی گرتەوە، پڕۆلیتاریا ھاتە جێی جوتیار و كارگە گەورەكانیش بوونە بەدیلی كشتوكاڵ، ئیدی ئەمە بوو بە خاڵی دەستپێكی ئەو كێشە گەورەیەی كە ئەمڕۆ بە پیسبوونی ژینگە ناودەبرێت.
لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی ئەو پیسبوونەدا ھێدی ھێدی كۆدەنگیەكی جیھانی لەمەڕ بابەتی بە یاسایی كردنی پاراستنی ژینگە پەیدابوو ، لەدەرئەنجامی ئەم كۆدەنگیەش چەندین كۆنگرەو پەیماننامەو ڕێكەوتننامەی نێودەوڵەتی بەستران كە دواتر بوونە ھەوێنی یاسای نێودەوڵەتی ژینگە. دیارتین ئەو ھەوڵە نێودەڵەتیانەش بریتیبوون لە:
-ڕێكەوتننامەی ڕۆما ١٩٥١ تایبەت بە پاراستنی ڕووەك.
-ڕێكەتننامەی لەندەن ١٩٥٤ تایبەت بەڕێگری كردن لە پیسبوونی دەریاكان بە نەوت.
-جاڕنامەی جیھانی بۆ سروشت ١٩٨٢.
-ڕێكەوتننامەی ڤییەنا ١٩٨٥ تایبەت بە پاراستنی چینی ئۆزۆن.
لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە یاساكە بەم قۆناغانەدا گوزەری كرد تا ئەوەی ئەمڕۆ، خۆی بۆخۆی بۆتە لقێكی سەربەخۆی یاسای نێودەوڵەتی. بەڵام لە ڕووی ناوخۆییەوە لە ھەرێمی كوردستان ھێشتا ئەم بابەتە لەبوارە یاساییەكەیەوە نوێیەو پێشینەیەكی وەھای نییە جێگەی باسكردن بێت.
بۆیەكەمجار لە ساڵی ٢٠٠٨ دا یاسایەكی تایبەت بە بواری ژینگە لەژێر ناونیشانی (یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق)دا دەرچوێندرا.
سەرباسی دووەم//
یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق)
لقی یەكەم/ تایبەتمەندیەكانی یاساكە:
یەكەم / یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لقێكە لە لقەكانی یاسای گشتی : یاسا بەپێی ئەو پۆڵێنە كلاسیكیەی بۆی كراوە دابەش دەبێت بۆ دوو لق كە ئەوانیش یاسای گشتی و یاسای تایبەتین، گەر لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە بنواڕین دەبینین ڕێساكانی زێدەتر پەیوەندی كەسەكان (چ سروشتی بن یان مەعنەوی) لەگەڵ دەسەڵاتی گشتیدا ڕێك دەخات و بەردەوام دەسەڵاتی گشتی یەكێكە لە لایەنەكانی ئەم یاسایەو خاوەنی كۆمەڵێك ماف و تایبەتمەندی جیاوازە لەھی كەسانی ئاسایی. ئەمەش وادەكات یاساكە بچێتە چوارچێوەی یاسای گشتییەوە.
دووەم/ ڕێسا یاساییەكانی فەرماندەر (امرە)ن: ڕێساكانی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە كۆمەڵێ فەرمان (امر) و ڕێگەگرتن (نھي) لەخۆدەگرن. ناكرێت تاكەكان لەنێوان خۆیاندا لەسەر پێچەوانەی ڕێساكانی یاساكە ڕێك بكەون ، ئەمەش جیای دەكاتەوە لە ڕێسا تەواوكارەكان (مكملة) كە دەكرێ تاكەكان لەسەر پێچەوانەكەی ڕێك بكەون.
سێیەم/ ڕێساكانی ڕەھەندێكی كارگێڕیان ھەیە: بەپێی تیۆرە كلاسیكییەكان كاری دەوڵەت خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی :(ئاسایشی گشتی، تەندروستی گشتی، ئۆقرەیی گشتی) ئەمەش بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندی گشتی. بەپێی ڕێساكانی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە-ش لەھەرێمی كوردستاندا دەزگایەك دادەمەزرێ كەسەر بەئەنجومەنی وەزیرانە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، ئەمەش وادەكات چەمكی ژینگەو سێكتەری گشتی پێكەوە گرێبدات.
لەلایەكی دیكەشەوە یاسای ناوبراو كۆمەڵێك دەسەڵات و میكانیزمی وەك ئامڕاز داوەتە دەست ئیدارەی گشتی لەپێناو پاراستنی ژینگەدا كە دواجار بەسودی گشتی دەشكێتەوە.
ھەروەھا یاسادانەری كوردستانی لە ھۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەدا (پارێزگاری كردن لە تەندروستی گشتی) بەیەكێك لە ھۆكارە پێویستەكانی دەرچوونی یاساكەی داناوە، ھەموو ئەمانە پێكەوە وادەكەن یاساكە ھەڵگری ڕەھەندێكی كارگێڕی بێت.
چوارەم/ دوولایەنەی (الازدواجية) بەرپرسیاربوون: ڕێساكانی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە بەرپرسیاریەتێكی دوولایەنە لە خۆدەگرێت كە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە بەرپرسیاری شارستانی و بەرپرسیاری تاوانكاری . بەجۆرێك دەبینین لە یاساكەدا ھەموو كەسێك بەكردەوەی كەسی خۆی یان كەمتەرخەمی یان بەكردەوەی كەسانێك كە لەژێر فەرمانیدان بەرپرسیار دەبێ ، لێرەشدا دیوە شارستانیەكەی بەرپرسیاریەت بە ئاشكرا دەردەكەوێ .
لەبەرامبەریشدا بەرپرسیاری تاوانكاری لەو ڕێسایانەدا بەرجەستە دەبێت كە سزای تاوانكاری لەخۆدەگرن بۆ كەسی سەرپێچیكار..
لقی دووەم/ كردارە تاوانكاریەكان و ڕەگەزی سزا:
یەكەم/ كردارە تاوان كاریەكان : سەرەتا پێش باسكردنی ئەم بابەتە پێویستە بزانین یاسا دانەری كوردستانی تێڕوانینی لەھەمبەر بابەتی پیسبوونی ژینگە چۆنە ؟ لە بڕگەی نۆیەمی ماددەی یەكەمی یاسای (پاراستن و و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨دا یاسا دانەری كوردستانی پێناسەی پیسبوونی ژینگەی كردووە بەوەی: (ھەرگۆڕانكاریەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پێكھاتە یان لە تایبەتمەندی ژینگە ببێتە ھۆی زیانگەیاندن یان ھاوسەنگیە سروشتییەكەی بشێوێنێت) لە بڕگەی دەیەمی ھەمان ماددەشدا پێناسەی پیسكەرەكانی ژینگە دەكات و دەڵێت: (ماددە ڕەقەكان، یان شلەكان، یان گازییەكان یان ژاوەژاو یان ھۆكارە بایۆلۆژیەكان یان تیشكاوەرەكان یان گەرما یان لەرزینەكانن كە زیان بەژینگە دەگەیەنن و ھاوسەنگی سروشتی دەشێوێنن) دوای ئەوەی پێناسەی پیسبوونی ژینگە و ھۆكارە پیسكەرەكانمان لە ڕوانگەی یاسادانەری كوردستانیەوە زانی ، ئێستا پێویستە باسێك لەدیوە تاوانیەكەی یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ز. بكەین.
بێگومان زانایانی بواری یاسای سزادان كۆكن لەسەر ئەوەی: بۆئەوەی كردارێك بەتاوان ھەژمار بكرێت دەبێت ھەردوو پایەی ماددی و مەعنەوی تیایدا فەراھەم بێت.
أ/پایەی ماددی: پایەی ماددی خۆی ئەبینێتەوە لەھەر چالاكییەك كە مرۆڤ پێی ھەڵدەستێت بۆ پیشاندانی تاوانەكەی بە ناوەندی دەرەوە ، ئەم پایەیەش چەند ڕەگەزێكی ھەیە كەبریتین لە: (ڕەفتاری تاوانكاری، دەرئەنجامی تاوانكاری، پەیوەندی ھۆكاری).
١- ڕەفتاری تاوانكاری: ئەو ڕەفتارەیە كەسی تاوانبار بۆ ھاتنەدی تاوان ئەنجامی دەدات، بەگەڕانەوە بۆ پێناسەی پیسبوونی ژینگە لە یاسای (پاراستن و چاكردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ز. ، دەتوانین بڵێین ڕەفتاری تاوانكاری بەپێی یاسای ناوبراو بریتییە لە ئەنجامدانی ھەرچالاكیەك لەلایەن تاوانبارەوە كە ببێتە ھۆی گۆڕانكاری لە تایبەتمەندی و پێكھاتەی ژینگە یان تێكدانی ھاوسەنگیەكەی یان زیانگەیاندن پێی.
بۆنمونە كەسێك گازێكی ژەھراوی بە ھەوادا بڵاودەكاتەوە لەئەنجامدا دەبێتە ھۆی پیسبوونی ژینگە لێرەدا بڵاوكردنەوەی گازە ژەھراوییەكە بریتییەلە ڕەفتاری تاوانكاری.
ڕەفتاری تاوانكاری-ش دوو جۆری ھەیە كەبریتین لە (ڕەفتاری ئەرێنی، ڕەفتاری نەرێنی) .
-ڕەفتاری ئەرێنی؛واتە ئەنجامدانی تاوان لەڕێگەی ھەڵستان بەكارێك كە یاسا قەدەغەو ڕێگری كردووە لە ئەنجامدانی.
-ڕەفتاری نەرێنی: واتە ئەنجامدانی تاوان بە نەكردنی كارێك كەبەپێی یاسا دەبوو بكرێت. سەبارەت بە یاسای ناوبراو گریمانەی ھاتنەدی تاوان دەكرێت لەڕێی ھەردوو جۆرەكەی ڕەفتاری تاوانكاری .
بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر دوو نمونە دەخەینە ڕوو: لە بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٨ ی یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ھاتووە كە پێویستە لەسەر خاوەنكار ئاسانكاری بۆ تیپەكانی چاودێری ژینگە بكات ئەویش بە پێدانی زانیاری و ڕێگەپێدانیان بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان.
گەرھاتوو لە حاڵەتێكی وەھادا خاوەنكار ئەمكارەی ئەنجام نەدا و كارئاسانی بۆ تیپەكانی چاودێری ژینگە نەكرد بەرپرسیاری سزایی دێتە ئەستۆی لەڕێگەی ڕەفتارێكی نەرێنیەوە.
ھەمان یاسا لە ماددەی ٢٢ ئاماژەی بەوە داوە فڕێدانی ماددەی زیانبەخش بۆناو سەرچاوە ئاوییەكان و ئاوەڕۆكان قەدەغەیە، گریمان كەسێك ماددەیەكی زیانبەخشی فڕێدایە ناو یەكێك لەسەرچاوە ئاوییەكانەوە لێرەدا بەھەمان شێوە كەسەكە بەرپرسیارێتی تاوانكاری لەئەستۆ دەگرێ بەڵام جیاواز لە نمونەی پێشوو بەرپرسیاریەتە تاوانكاریەكەی ئەم كەسە لەڕێگەی ڕەفتارێكی ئەرێنیەوە توشی دەبێت.
٢- دەرئەنجامی تاوانكاری: ئەو دەستدرێژییەیە بۆ سەر مافێك یان بەرژەوەندیەكی بەیاسا پارێزراو ، یاخود مەترسی دروست كردن بۆ سەر ئەو ماف و بەرژەوەندییە .
لێرەوە ڕوون دەبێتەوە كە دەرئەنجامی تاوانكاری لەدوو شێوەدا بەرجەستە دەبێت :
-دەستدرێژی كردن بۆ سەرماف یان بەرژەوەندیەك ، ئەم شێوەیەیان لەو تاوانانەدا دێتە دی كە بەتاوانی زیان (جرائم الضرر) ناسراون ،لەم جۆرە تاوانانەدا یاسادانەر دەرئەنجامێكی دیاریكراوی بۆ دەستنیشان كردووە ھەركات ئەو ئەنجامە بەدەست ھات تاوان دروست دەبێت ، وەك تاوانەكانی كوشتن یان دزی كردن.
-دروستبوونی مەترسیەك بۆسەر ماف و بەرژەوەندیەكان ،ئەم شێوەیەی دیكەیان لەو تاوانانەدا دێتە دی كە بەتاوانی مەترسی (جرائم الخطر)ناسراون، تاوانی مەترسی ئەو جۆرە تاوانانە دەگرێتەوە كە یاسادانەر ئەنجامێكی دیاریكراوی دەست نیشان نەكردووە كە ھاتنەدی تاوانەكە بەو ئەنجامەوە وابەستە بكات ، وەك تاوانەكانی ھەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت یان لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بەبێ مۆڵەتی فەڕمی.
لای خۆشیەوە ڕێساكانی یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ ز. ھەردوو جۆرەكەی تاوانی زیان (جرائم الضرر) و تاوانی مەترسی (جرائم الخطر)ی لەخۆگرتووە ، لەھەندێك ڕێسادا یاسادانەری ژینگەیی بۆئەوەی تاوان بێتە دی دەستدرێژی بۆسەرمافێك كردووە بەمەرج، بەڵام لەھەندێ ڕێسای دیكەدا تەنھا بە مەترسی دروستكردن بۆسەرمافەكە تاوان دروست دەبێت ئەگەرچی دەستدرێژكردنە سەرمافەكەش ڕووی نەدابێ .
بۆنمونە كاتێك یاسادانەری ژینگەیی كوردستانی لە ماددەی ٣١ ی یاسای ناوبراودا ھەموو ئەو كارو چالاكیانەی قەدەغە كردووە كە دەبنە ھۆی لەناوبردنی ڕەگەزەكانی ئاژەڵ و ڕووەك ، لێرەدا دەرئەنجامێكی دیاریكراوی كردووە بەمەرج بۆ ھاتنەدی تاوان كەئەویش لەناوبردنی ڕەگەزی ئاژەڵ یاخوود ڕووەكە و بەبێ ھاتنەدی ئەو مەرجە تاوانەكە دروست نابێت .
بەڵام ھەر لەھەمان یاسا و لە ماددەی ٣٦دا كاتێك یاسادانەری ژینگەیی بەرھەمھێنانی ماددە ترسناكەكان قەدەغە دەكات ئەنجامێكی دیاریكراوی بە مەرج دانەناوە بۆ ھاتنەدی تاوان ، بەڵكو تەنیا بە بەرھەمھێنانی ماددە ترسناكەكە تاوان دێتەبوون .
٣- پەیوەندی ھۆكاری (العلاقة السببية): پەیوەندی ھۆكاری پردی پێكەوە گرێدانی ڕەفتاری تاوانكاری و دەرئەنجامی تاوانكارییە ،بەمانایەكی تر واتا دەبێت لەنێوان ڕەفتاری تاوانكاری كەسی تاوانبار و دەرئەنجامی تاوانكاری تاوانەكەدا پەیوەندیەك بوونی ھەبێت بەجۆرێك ڕەفتاری تاوانكاری كەسی تاوانبار ھۆكاربێت بۆ ھاتنەدی دەرئەنجامی تاوانكاری تاوانەكە . دەربارەی ئەم پرسە بیردۆزگەلێك ھەن كە لێرەدا بابەتی باسی ئێمە نین و بەوەندە كۆتایی پێدێنین.
ب/ پایەی مەعنەوی: پایەی مەعنەوی لەو پەیوەندیەدا خۆی دەبینێتەوە كە لەنێوان تاوان لەلایەك و دەرونی كەسی تاوانكار لەلایەكی دیكەوە دروست دەبێت، واتا پایەی مەعنەوی ئەو پاڵنەرە دەروونیەیە كە بیرۆكەی تاوان لەدەروونی كەسی تاوانكاردا دەخوڵقێنێت و ھانی تاوانكار دەدات بۆ ئەنجامدانی تاوان ، بەجۆرێك كەسی تاوانكار لە مەترسیداری كارەكەی تێگەشتبێت و بشزانێت ئەو كارە دەستدرێژی یا مەترسی دروستكردنە بۆسەر مافێك كە یاسا گرەنتی پاراستنی كردووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئیرادەی خۆی وەھا ئاڕاستە بكات بەرەو ئەنجامدانی كارە تاوانكارییەكە .
پایەی مەعنەوی تاوانیش خۆی لە دوو شێوەدا دەبینێتەوە كە بریتین لە (ویستی تاوانكاری) و (ھەڵەی نائەنقەست) ، ویستی تاوانكاری لەو تاوانانەدا دەردەكەوێت كە مرۆڤ بە ویستی خۆی و بە ئانقەست ئەنجامیان دەدات، بەڵام ھەڵەی نائەنقەست لەو تاوانانەدا دەر دەكەوێت كە ناسراون بە تاوانە نا ئانقەستەكان (غیر عمدي) لێرەدا بە پێچەوانەی ویستی تاوانكارییەوە كەسی تاوانبار ویستی ئەنجامدانی تاوانی نییە بەڵكو تاوانەكە لەئەنجامی ھەڵەیەكەوە دەخوڵقێت.
ئەوەی جێی سەرنجە یاسادانەری كوردستانی لە ڕێساكانی یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ دا پایەی مەعنەوی تاوانە ژینگەییەكانی ڕوون نەكردۆتەوە كە ئایا تاوانەكان تەنیا تاوانی ئانقەستن یاخوود نەخێر دەكرێت نائانقەستیش بن و ئەم پرسە و ڕوونكردنەوەی لێگەڕاوە بۆ لایەنی فیقھو دادگاكان.
دووەم/ ڕەگەزی سزا: یەكێك لەو ڕەگەز و توخمانەی كە پێویستە لە ھەموو ڕێسایەكی یاساییدا بوونی ھەبێت ڕەگەزی سزایە و ھەر ئەم ڕەگەزەشە ڕێسای یاسایی لە جۆرە ڕێسا جیاوازەكانی دیكە جیادەكاتەوە ، جا سزاكە شارستانی،كارگێڕی، یان تاوانكاری بێت .
بێگوومان ڕێسا یاساییە ژینگەییەكانیش وەك ھەر ڕێسایەكی یاسایی دیكە خاڵی نین لەم ڕەگەزە .
یاسادانەری كوردستانی لە یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ز. دا دەروازەی چوارەمی تایبەت كردووە بەم ڕەگەزە و لە چەند ماددەیەكدا دەربارەی دەقی داوە ، ئەوانیش ماددەكانی ٤١ ، ٤٢ و ٤٣ ن، بەپێی ئەو دەقانەی كە لە یاساكەدا ھاتوون جۆری سزاكان لە دووجۆردا خۆیان دەبیننەوە :
١-سزا كارگێڕییەكان: وەك لەپێشتریشدا باسمان كرد ڕێساكانی یاسا ژینگەییەكان ڕەھەندێكی كارگێڕیان ھەیە ھەربۆیە دەبینین لە حوكمە سزاییەكاندا ھەندێك جار یاسادانەر دەسەڵاتی سەپاندنی سزای داوەتە دەست لایەنە كارگێڕییەكان .
بەپێی ئەحكامەكانی یاسای( پاراستن چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق ) سزا كارگێڕیەكانیش دەبن بە دووجۆرەوە :
أ-سزا ئابورییەكان: سزا ئابوریە كارگێڕیەكانی یاسای ناوبراو وەك لە بڕگەی سێیەمی ماددەی ٤٢ یاساكەدا ھاتووە خۆی دەبێنێتەوە لە غەرامەكردن كە سەرۆكی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان یان ڕێپێدراوەكەی دەیسەپێنێت بەسەر كەسی سەرپێچیكار لە ئەحكامەكانی یاسای ناوبراو یان ئەو پەیڕەو ڕێنماییانەی بەپێی ئەو دەرچوون ، بڕی غەرامەكەش بە جۆرێك بێت سەد ھەزار دیناری عێراقی كەمتر نەبێت و لە دە ملێۆن دیناری عێراقی زێدەتر نەبێت.
ب- سزا نائابورییەكان: سزا كارگێڕییە نا ئابورییەكانی یاسای (پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان-عێراق ) ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ دا كە لە ماددەی ٤١ ـەمینی یاساكەدا ئاماژەی پێكراوە لە دوو شێوەدا خۆی دەبینێتەوە.
شێوەی یەكەم/ ئاگاداركردنەوە: سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان یان ڕێپێدراوەكەی ئەو دامەزراوەو پڕۆژانە ئاگادار دەكاتەوە كە بوونەتە ھۆی پیسبوونی ژینگە ، ئەو فاكتەرەی كەزیان بەژینگە دەگەیەنێت لایببەن لە ماوەی ١٠ ڕۆژ لەدوای بەرواری ئاگادركردنەوەكەوە .
شێوەی دووەم/ ڕاگرتنی كار: دوای ئەوەی دامەزراوەو و پڕۆژەكانی كە دەبنە ھۆی پیسبوونی ژینگە ئاگادار كرانەوە بەلابردنی فاكتەری پیسبوونەكە و ١٠ ڕۆژ بەسەر ڕێكەوتی ئاگاداركردنەوەكەدا تێپەڕی بەبێ ئەوەی دامەزراوە یان پڕۆژەكە ھۆكاری پیسبوونەكەی لابردبێت ئەوكات سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان یان ڕێپێدراوەكەی دەتوانن ڕەزامەندی ژینگەیی لە پڕۆژەكە وەربگرنەوە، و كاركردن تیایدا بۆماوەیەكی كاتی ڕابگرن، بەڵام یاسادانەر لایەنی كەم و لایەنی زۆری ئەو ماوە كاتییەی دەستنیشان نەكردووە.
٢- سزا تاوانكارییەكان: سزا تاوانكارییەكان جۆرو پۆڵێنی ھەمەچەشنی لەخۆگرتووە ، بەڵام ئەوەی لەیاسای ناوبراودا ئاماژەی پێكراوە تەنیا دووجۆر لەو سزایانەیە كە ئەوانیش سزا ئابورییەكان و ئەو سزایانەن كە دەكەونە سەر ئازادییەكان .
-سزا ئابورییەكان : سزا ئابورییە تاوانكاریەكان خۆی دەبینێتەوە لە غەرامەكردن بەڵام جیاواز لەو غەرامەیەی كە سزای ئابوری كارگێڕین ،چونكە سزا تاوانكاریەكان دادگا دەیسەپێنن ھەرچی ئەوەی دووەمیشیانە لایەنەكارگێڕییەكان دەیسەپێنن. سزا ئابورییە تاوانكاریەكان لە بڕگەی یەكەمی ماددەی٤٢ ی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لەھەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ دا ئاماژەی پێكراوە ،خۆی دەبینێتەوە لە غەرامەیەك كە بڕەكەی لە سەدو پەنجا ھەزار دینار كەمتر نەبێت و لە دووسەد ملیۆن دینار زیاتر نەبێت .
-سزاكانی دەكەونە سەر ئازادی : ئەو سزایانەن كە كۆت و بەند دەخەنە سەر ئازادییەكانی كەسی مەحكوم لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی حوكمە سزاییەكەیدا، ئەو سزایانەی كۆت و بەند دەخەنە سەر ئازادییەكان بە گشتی دووجۆرن:
جۆری یەكەم / بەندكردن : ھێشتنەوەی كەسی مەحكومە لە بەندیەكاندا بۆ ماوەیەك لە ٢٤ كاتژمێر كەمتر نەبێت و لە ٥ ساڵیش زێدەتر نەبێت . یاسادانەریكوردستانی لە یاسای ناوبراودا لە بڕگەی یەكەم ماددەی ٤٢ لەپاڵ ئەوەی كە سزای غەرامەی بۆ كەسی سەرپێچیكار داناوە لەھەمان كاتدا بەندكردنیشی لە خۆگرتووە بەمەرجێك ماوەكەی لە مانگێك كەمتر نەبێت یاخود دادگا دەتوانێ بڕیاری غەرامەو بەندكردن پێكەوە بەسەر كەسی تاوانباردا بسەپێنێت، لەگەڵ ئەوەیە یاسا دانەر جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئەگەر لە یاسایەكی دیكەدا سزایەكی قورستر بۆ ئەم تاوانە دانرابوو دەبێ ئەوەیان جێبەجێ بكرێت و سەرپێچی لێ نەكرێت .
جۆری دووەم/ زیندانی كردن:
زیندانی كردن دانانی كەسی مەحكومە لە یەكێك لە دامەزراوە سزاییەكاندا بۆ جێبەجێ كردنی سزاكەی ئەستۆی، بە مەرجێك ماوەكەی لە ٥ ساڵ كەمتر نەبێت . زیندانی كردنیش دابەش دەبێت بۆ دووجۆری دیكە كە بریتین لە زیندانی كردنی كاتی و زیندانی كردنی ھەمیشەیی ، زیندانی كردنی كاتی ماوەكەی لە نێوان ٥- ١٥ ساڵدایە و بەڵام زینداكردنی ھەمیشەیی ماوەكەی ٢٠ ساڵە. یاسادانەری كوردستانی لە یاسای ناوبراو ماددەی ٤٣ دا ئاماژەی داوە بەوەی ھەركەس سەرپێچی بڕگەی یەكەم، دووەم سێیەمی ماددە ٣٥ ی یاساكە بكات سزا دەدرێ بە زیندانی كردن، بەبێ ئەوەی جۆری زیندانیكردنەكە دەست نیشان بكات بەڵكو دەسەڵاتی ھەڵسەنگاندن و دەستنشانكردنی جۆری زیندانی كردنەكەی بە دادگا سپاردووە.
دوای ئەوەی ڕووە سزا تاوانكارییەكەی ئەم یاسایەمان باس كرد ، لە كۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەو بارودۆخانەش بكەین كە سزای تێدا توند دەكرێت، لە پاڵ بارودۆخە توندكەرە گشتیەكاندا یاسادانەری ژینگەیی بارودۆخێكی توندكەری تایبەتیشی ئاماژە پێداوە لە ماددەی ٤٢ بڕگەی دووەم .
ئەو بارودۆخە توندكەرەش بریتیە لەگەڕانەوەی كەسی تاوانبار بۆسەر تاواناكە واتا دووبارەكردنەوەی تاوان ، لە دۆخێكی وەھادا یاسادانەر دەڵێت ھەرجارێك كەسی سەرپێچیكار سەرپێچیەكە دووبارە بكاتەوە دەبێت سزاكانیشی دووھێندە و دوو بەرامبەر ببنەوە .